بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت، سەرەڕای كێشەوگرفتە داراییەكان و پشووی رەسمی، بەڵام سبەینێ لە نەخۆشخانەكەیان دەوام ئاسایی دەبێت.

د.یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە راگەیەندراوێكدا ئاماری ئەمڕۆی نەخۆشخانەكەی بڵاوكردەوە و دەڵێت، تەنیا لەمڕۆدا ٢١ حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆماركراوە، هەروەها چارەسەری كیمیایی بۆ ١٥٠ نەخۆش كراوە و ٥٢ نەخۆشی دیكەش چارەسەری رۆژانەیان بۆ كراوە.

دەشڵێت، ئەمڕۆ ٧٥ نەخۆش لە بەشی فریاكەوتنی خێرای نەخۆشخانەكە داخڵكراون و ٨٣ نەخۆشی دیكەش پشكنینەكانی تیشك و سۆنەر و ئیكۆیان بۆكراوە، هەروەها پشكنینی مۆخی ئێسك بۆ ١٠ نەخۆشی دیكەش كراوە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەشڵێت، سەرەڕای كێشەوگرفتە داراییەكان و پشووی رەسمی لە فەرمانگەكانی حكومەت، بەڵام سبەینێ لە نەخۆشخانەی هیوا دەوامی ئاسایی دەبێت، بە ئامانجی پێشكەشكردنی زۆرترین خزمەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە.