ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم بە داهاتی ناوخۆی دوو مانگ، دەتوانێت موچەیەكی تەواو بدات، بەڵام ئامادەنییە یەك دیناری داهاتی ناوخۆ و نەوت بخاتە سەر مووچە.

سۆران عومەر لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، هەرێم نوسراوێكی رەوانەی وەزارەتی دارایی عیراق كردووە و نوسیویەتی داهاتی ناوخۆی هەرێم جگە لە نەوت، لە 1/1/2024 تاوەكو 28/2/2024 واتە داهاتی دوو مانگ، بریتییە لە 905 ملیار و 246 ملیۆن دینار.

ئاماژە بەوەشدەكات، مانگانە داهاتی ناوخۆی هەرێم ئەوەی كە دەمێنێتەوە پاش بردنی لەلایەن دەسەڵاتەوە، 452 ملیار دینارە، بەوپێیەش بە داهاتی ناوخۆی دوو مانگ دەتوانرێت مووچەیەكی تەواوی هەرێم بدرێت، بەڵام هەرێم ئامادەنیە یەك دینار لەو داهاتە بخاتە سەر موچەی خەڵك.

ئەوەش لەكاتێكدایە تائێستا حكومەتی هەرێم لەكۆی نزیكەی 12 مانگ، تەنها داهاتی 5 مانگی ناوخۆی رادەستی بەغداد كردووە كە نزیكەی 400 ملیار دینارە، لەئێستاشدا وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای ناردنی داهاتی مانگەكانی دیكەی ئەمساڵ دەكات.