وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە ئەنقەرەوە داوا لە توركیا دەكات، رۆڵی ئەرێنی ببینێت لە سوریای نوێ و جەخت لەوەشدەكاتەوە، ئاسایشی كورد بۆ سوریایەكی ئازاد، پێویستە.

ئانالینا بێربوك وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ هاكان فیدان هاوتا توركییەكەی لە ئەنقەرە کۆبووەوە و رایگەیاند، ئاسایشی كورد بۆ سوریایەكی ئازاد پێویستە، بەڵام دەبێت نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیاش چارەسەربكرێن بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیری.

بێربۆك تیشكی خستەسەر ترسی كورد لە شاری كۆبانی و ئاماژەی بەوەكرد، دانیشتوانەكەی سەرەڕای ئاهەنگگێڕان، لە دۆخێكی دڵەڕاوكێدا دەژین، هەربۆیە هێشتا ئاشتی لە سوریادا بەدەستنەهاتووە و داهاتووەكەی بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

جەختی لەوەشكردەوە، نابێت سوریای نوێ ببێتە یارییەك بۆ زلهێزە دەرەكییەكان و تاقیگەیەك بۆ توندڕەوی، داواشی لە توركیا كرد رۆڵی ئەرێنی لە سەقامگیركردنی سوریادا بگێڕێت و جەختی لە گرنگی پاراستنی كەمینەكان و دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ئاوارەكان كردەوە، ئەمەشی لە بەرژەوەندی توركیا وەسفكرد بەتایبەت كە ئێستا میوانداری زیاتر لە سێ ملیۆن ئاوارەی سووری دەكات.

هەروەها بێربۆك رۆڵی كوردەكانی لە شەڕی دژ بە ڕژێمی ئەسەد بەرزنرخاند و هۆشداریشی دا لە بارگرژییە بەردەوامەكان لە رۆژئاوای كوردستان.