شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچیدوایی بەهرۆز قەشانی پارێزگاری پێشوتری سلێمانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، کاک بەهرۆز دەوڵەتمەدارێکی دڵسۆز و خەمخۆر بوو کە جێدەستی بەئاوەدانکردنەوەی شار و بنیاتنانەوە دیار و بەرچاوە.

دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق...

بەرێزان خانەوادەی کۆچکردوو

بەبیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی پارێزگاری پێشوتری سلێمانی، کاک (بەهرۆز حەمەساڵح فەقێ رەشید قەشانی) غەمباربووم.

کاک بەهرۆز دەوڵەتمەدارێکی دڵسۆز و خەمخۆر بوو کە جێدەستی بەئاوەدانکردنەوەی شار و بنیاتنانەوە دیار و بەرچاوە و لەدوای ژیانێکی پڕ بەخشین لەپێناو خزمەتکردنی گەل و نیشتمان و پێشکەوتنیدا بەداخەوە جێی هێشتین.

تا هەتایە رۆڵی کاک بەهرۆز لەیادناکەین وەک ئەندازیارێکی شارەزا و رۆڵەیەکی بەئەمەکی سلێمانی و هاوسەنگ لەهەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیانەدا کەلەماوەی ژیانیدا لەبوارەکانی کارگێڕی و رێکخراوەیی بەجێی گەیاندووە.

بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی لەخانەوادەی کاک بەهرۆز ئەکەم و هاوبەشی خەم و پەژارەتانم و خوای گەورە سەبرو ئارامی بەهەموو لایەک ببەخشێت و ئەمە دوایین ناخۆشیمان بێت.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد