عەتوان عەتوانی: هەمواری بڕگەی تایبەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم دەچێتە خشتەی بودجەوە
کەژان
٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، هەمواری بڕگەی تایبەت بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێتە خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ـەوە.
عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، سەرەتای ساڵی داهاتوو، خشتەی بودجەی ٢٠٢٥دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران و هەمواری بڕگەی تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، دەخرێتە هەمان خشتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەمواركردنەوەی ئەو بڕگەیە نابێت تەنها زیادكردنی بڕگەی نوێ بێت بۆ بودجەكە، بەڵكو پێویستە وەك خۆی جێبەجێبكرێت.
عەتوان عەتوانی راشیگەیاند، پێویستە چارەسەریی بنەڕەتی بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداد و هەولێر بدۆزرێتەوە.
مانگی رابردوو، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و هەمواری یاساكەی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كرد، بەڵام لە ئەنجومەنەكە تائێستا خوێندنەوەی دووەمی بۆ نەكراوە.