دادگای فیدراڵی تاوتوێی دوو سکاڵای پەیوەست بە هەرێمی کوردستان دەکات
٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، رۆژی دووشەممە لە دانیشتنێكدا دوو سكاڵا تاوتوێدەكات كە تیایدا داوای هەڵوەشاندنەوەی دوو وەزارەتی حكومەتی هەرێم دەكات.
بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق رۆژی 23ی ئەم مانگە كە دەكاتە رۆژی دووشەممە چەند سكاڵایەك تاوتوێدەكات كە دوو سكاڵایان پەیوەستن بە هەرێمی كوردستانەوە.
لە سكاڵای یەكەمدا كە لەلایەن خالید مستەفا حسێن لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە و تیایدا داوادەكات وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2006، بە نادەستوری لەقەڵەم بدات و دەستەیەك بە ناوی دامەزراوەی شەهیدان دروستبكرێت كە بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە ببەسترێتەوە.
لە سكاڵای دووەمیش كە هەر هەمان كەس تۆماریكردووە، داوا لە دادگای فیدراڵی دەكات وەزارەتی ئەوقاف و كاروباریی ئاینی هەرێم بەپێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2007 بە وەزارەتێكی نادەستوریی دابنێت و دەستەیەك بۆ ئاین و ئاینزا جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستان دروستبكرێت كە بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ببەسترێتەوە.