قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پەیامێک ئاڕاستەی ئێزدییەکان دەکات و دەڵێت؛ خوشک و برایانی ئێزدی و هەموو پێکهاتەکان دڵنیاتان دەکەینەوە؛ کە کوردستان بۆ هەمیشە وەک وڵاتی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە.

دەقی پەیامەکەی: 

"بەبۆنەی جەژنی رۆژووی ئێزی، بە گەرمی پیرۆزبایی لە هەموو خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و هەموو جیهان دەکەم و هیوای جەژنێکی پڕ لە خۆشی و ئارامییان بۆ دەخوازم.

لەم بۆنەیەدا جارێکیتر پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ ئێزدییەکان دووپات دەکەینەوە و بە هەموو شێوەیەک هاوکار و یارمەتیدەریان دەبین لە دابینکردنی مافەکانیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان و گەڕانەوە هەموو ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

لە هەمان کاتدا جەخت دەکەینەوە لەسەر قوڵکردنەوەی کلتوری پێکەوەژیان. خوشک و برایانی ئێزدی و هەموو پێکهاتەکانی دیکەش دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان بۆ هەمیشە وەک وڵاتی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە."