سەرۆکی یەکێتی بۆ ئێزدییەکان: پابەندین بە پاراستنی مافەکانتان
٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی جەژنی"رۆژیێن ئێزی"پەیامێک ئاڕاستەی خوشک و برایانی ئێزدی دەکات و دەڵێت؛ لە پابەندیمان بە پاراستنی ماف و کەلتووری رەسەنی ئاینی ئێزدییەکان و هاوکار و پشتیوان دەبین.
دەقی پەیامەکەی:
بەبۆنەی (جەژنا رۆژیێن ئێزی) لەدڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەم، هیوادارم ئەم جەژنە لە کەشێکی ئارام و سەقامگیردا بەخۆشی بەڕێبکەن.
خوشک و برایانی ئێزدی لە چەند ساڵی رابردوو بەدۆخێکی سەختدا تێپەڕین، وە ئێمە بەردەوام لەگەڵیاندابووین، بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆیان، بۆیە لەم بۆنەیەدا دووپاتی دەکەینەوە، لەپابەندیمان بە پاراستنی ماف و کەلتووری رەسەنی ئاینی ئێزدییەکان و هاوکار و پشتیوان دەبین بۆ بەهێزکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان لەنێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کوردستان.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتگیری و جێبەجێکردنی داواکاری خوشک و برایانی ئێزدی، هیوادارین هەموولایەنەکانیش بەرپرسیارانە لەگەڵ دۆخی شەنگالدا مامەڵەبکەن و کاربکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکەو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
یەکێتی وەک هەمیشە لەگەڵتان دەبێت بۆ هێنانەدی خواستەکانتان و سارێژبوونی ئەو نەهامەتیانەی بەسەرتاندا هات.
هەر لەخۆشیدابن.