بۆردوومانەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، شەوی رابردووش توركیا بە هەلیكۆپتەر بۆردوومانی چەند گوندێكی سنوری قەزای ئامێدی كرد.

كامەران عوسمان لێپرسراوی دیسكی مافی مرۆڤی رێكخراوی "سی پی تی" ئەمریكی رایگەیاند، شەوی رابردوو سوپای توركیا بە هێلیكۆپتەر هێرشی بۆ سەر گرێ بەهار و چیای مەتینا لەسنوری گوندەكانی (گوهەرزێ، بەلاڤا و بەرچێ) لە ناحیەی دێرەلوك لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك ئەنجامدا.

راشیگەیاند، ئەم سێ گوندە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی درێژكراوەی چنگ ی قوفڵی توركیا دابوون كە لە 15ی حوزەیران بۆ یەکی ئاب ئەنجامدرا و سوپای توركیا توانی چەند بارەگایەكی سەربازی نوێ لەو ناوچەیەدا دروستبكات.

دوێنیش فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چیاكانی كولیتار دەڕەبی لەسنوری ناحیەی ورتێ بەچڕی بۆردومانكرد كە بەهۆیەوە ترس و دڵەراوكێ لای دانیشتوانی سنورەكە دروستكردووە.

بەپێی ئامارێكی رێكخراوی "سی پی تی" ئەمریكی، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا بەهۆی ئۆپراسیۆن و لەشكركێشییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا 18 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدستداوە و چوار هاووڵاتی دیكەش برینداربوون.