وەزارەتی ناوخۆ داوا لە سەرجەم ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەتەکە دەکات هەرکەس کارتی نیشتمانی نییە، پەلە بکات لە دەرهێنانی بەپێچەوانەوە ئەگەر کارتەکەیان نەبێت، کاریگەریی لەسەر موچەکانیان دەبێت.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی کردووە، داوا لە ئەفسەران و کارمەندان و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتەکە دەکات، ئەگەر کارتی نیشتیمانیان نییە پەلە بکەن لە دەرهێنانی، یان لانیکەم وێنەیەکی تۆماری ئەلیکترۆنی "صورة قید الیکتروني" دەربکەن کە ژمارەی تایبەتی کارتی نیشتیمانی تێدا دەنووسرێت.

ئەوەش هاتووە، ئەوەی بەهەر هۆکارێک دەستی ناگاتە بەڕێوەبەرایەتی کارتی نیشتیمانی سنووری خۆی، بەتایبەت ئەوانەی ناوچە کوردستانییەکانی ماددەی ١٤٠، دەتوانن سەردانی بەشی تۆماری ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و کارتی نیشتیمانی هەولێر یان دهۆک بکەن، بۆ ئەوەی بەپەلە کارەکانیان بۆ رایی بکرێت.

وەزارەتەکە دەشڵێت، ئەوە بەشێکە لە پێداویستی و داواکارییەکانی حکومەتی عیراق و کاریگەریی دەبێت لەسەر موچە، بۆیە بەپەلە ئەو کارە ئەنجامبدەن.