وەزارەتی دارایی عیراق دەڵێت، موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ـی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی خەرجكردووە و هۆكاری دواكەوتنەكەشی دەخاتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم.

وەزارەتی دارایی عیراق راگەیەنراوێکی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە، هەندێك میدیا و تۆڕی كۆمەڵایەتی باسیان لەوەكردووە وەزارەتی دارایی عیراق نایەوێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرجبكات، بەڵام ئەو دەنگۆ و زانیارییانە دوورن لە راستییەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پابەندن بە ئەركە داراییەكانیان بەپێی یاسا و رێكارەكان بەبێ كەمتەرخەمی و موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ـی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیشیان خەرجكردووە، بەڵام گرفت لە تەرازووی پێداچوونەوە هەبووە كە هەرێم ئامادەی كردووە و بەهۆیەوە خەرجكردنی موچە دواكەوتووە.

وەزارەتی دارایی عیراق جەختی لەوەشكردووەتەوە، پابەندن بە دابینكردنی موچە بەپێی كاتی دیاریكراو و رێكارە یاساییەكان، داواشی لە میدیاكان كردووە ورد بن لە گواستنەوەی زانیارییەكان و بەدواداچوون بۆ راستییەكان بكەن.