دەزگای ئاسایشی هەرێم: دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە ناحیەی ژاراوە دەستگیرکران
١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەریان لە ناحیەی ژاراوە دەستگیرکردووە و دەستیشیان گرتووە بەسەر "دوو دەبەی ٣٥ لیتری" ماددەی هۆشبەر لە جۆری (ئەسید).
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، شەوی ٢٠٢٤/١٢/١٧ لەسەر بوونی زانیاری هەواڵگری پێشوەخت و لە ئەنجامی بەدوواداچوونی هێزەکانی ئاسایش، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە لە ناحیەی ژاراوە دوای رووبەڕووبوونەوەی چەکداری دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکات دەستگیرا بەسەر "دوو دەبەی ٣٥ لیتری" ماددەی هۆشبەر لە جۆری ( ئەسید )، کە تۆمەتباران بەنیازبوون ماددەکان بگوازنەوە بۆ هەولێر.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاشکراشیکرد، لەئێستادا تۆمەتباران بە ماددەی (٢٥) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.