وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار رایگەیاند، پێشبینیدەكەن بەبۆنەی پشووەكانی سەری ساڵەوە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بەهۆی باشبوونی ژێرخانی كەرتی گەشتوگوزار و بەپشتبەستن بە زانیاری نوسینگە و شوێنە گەشتیارییەكان ژمارەی گەشتیاران روو لەزیادبوونە و پێشبینیدەكەن زیاتر لە هەشت ملیۆن گەشتیار تا كۆتایی ئەمساڵ سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێم بكەن.

وتیشی، بەهۆی پلانی دەستەكەیانەوە ژمارەی هاتنی گەشتیارانی نێودەوڵەتی زیادیكردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٥٪ی ئەو گەشتیارانەی كە روو لە هەرێم دەكەن.

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشكرد، لەئەمساڵدا دەستەی گەشتوگوزار هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بەمەبەستی بە بازاڕكردنی كەرتی گەشتوگوزار لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان و چەند چالاكییەكیان ئەنجامداوە و بەشدارییان لە ژمارەیەك پیشانگای نێودەوڵەتی گەشتیاری و كۆڕبەند و كۆنفڕانسی وەبەرهێنانی گەشتیاری كردووە.