رێباز حەملان: ئەمڕۆ بەشێك لە موچەی مانگی ١١ی موچەخۆران رەوانەی هەرێم كرا
١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ بەشێک لە مووچەی مانگی ١١ رەوانەی هەرێم کراوە.
رێباز حەملان بریكاری وەزارەتی دارایی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ بەشێك لە موچەی مانگی ١١ی موچەخۆرانی هەرێم رەوانە كراوە و لیستی موچەی مانگی ١٢ش وردبینی بۆ دەكرێت.
وتیشی، هەوڵی جددی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچە و لەئێستادا سەرقاڵی پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچەی هەر سێ مانگی كۆتای ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانن.
ئەمڕۆ دوای دوو مانگ، دەستکرا بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١٠ی موچەخۆران و بڕیارە لەماوەی شەش رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بدرێت.
بەپێی لێدوانی بەرپرسان، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتووش لیستی مووچەی مانگی ١١ رابگەیەنرێت.
دوو رۆژ بەر لە ئێستاش حکومەتی هەرێم رایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدادا ئەرێنین و لە رۆژی سێشەممە ١٧ی ١٢ دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١٠ دەکەن، لەگەڵ گەیشتنی پارەش لە بەغداوە، موچەی مانگەکانی دیکە دابەش دەکەن.