هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ: توركیا و گروپەكان ئامادەكاری بۆ هێرشی فراوان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەكەن
١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
فەرماندەیی گشتی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت، توركیا و گروپە چەكدارەكان ئامادەكاری دەكەن بۆ هێرشێكی فراوان و داوا لە سەرجەم لایەنەكانیش دەكات یەكڕیزبن و پاڵپشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات بكەن.
فەرماندەیی گشتی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ناوچەكە بە رەوشێكی مەترسیداردا تێپەڕدەبێت و وادەخوازێت كە پاڵپشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە و ئاسایشی خۆبەڕێوەبەری بكەن.
داوا لە سەرجەم لایەنەكانیش دەكات كە یەكڕیز بن بۆ پاڵپشتیكردنی هێزەكانیان بۆ روبەڕوبوونەوەی هەڕەشەكان و ئاگاداری هەموو هەوڵێكی گێرەشێوێنی دوژمنەكانیان بن.
فەرماندەیی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوا دەشڵێت، توركیا ئاسانكاری بۆ هاتنی گروپە چەكدارەكان دەكات و دەیەوێت ئامانجەكانی خۆی بپێكێت، بەڵام بەڵێندەدەن كە هێزەكانی سوریای دیموكرات پارێزگاری لە رۆژئاوای كوردستان دەكات و ئامانجیان پاراستنی گەل و بەدیهێنانی ئاشتییە.