قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند و بازنەکانی یەکێتی لە دەڤەری راپەڕین کۆبووەوە
کوردسات نیوز
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، ئەمڕۆ دووشەمە (16/12/2024) لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئیدارەی راپەڕین، بە ئامادەبوونی جەزای سەید مەجید بە جیا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بازنەکانی یەکێتی لە دەڤەری راپەڕین کۆبووەوە.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال سوپاسی کادیران و ئەندامانی یەکێتی لە دەڤەری راپەڕین کرد کە خەمخۆرانە و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە هەوڵی سەرخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دا لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا، داواشی لێکردن بە هەمان ئیرادە و روحییەتەوە خۆیان ئامادەبکەن بۆ تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورەتر لە هەڵبژاردنی خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا.
لە تەوەرێکی دیکەدا قوباد تاڵەبانی لەهەردوو کۆبوونەوەکەدا باسی لە قۆناغی پاش هەڵبژاردنەکان کرد، لەم چوارچێوەیەدا روونی کردەوە کە پابەندن بە هەموو ئەو بەڵێنانەی لە هەڵبژاردنەکاندا بە خەڵکی کوردستانیان داوە و یەکێتی بە هەموو هێز و تواناوە کار دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندابێت.
لێپرسراوی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال داواشی لە هەڤاڵانی یەکێتی لە دەڤەری راپەڕین کرد کە دەبێت بەر لە هەر کەسێکی دیکە ئەوان چاودێر بن بەسەر تیمی حکومەتی خۆجێیی یەکێتی لە ئیدارەی راپەڕین، چونکە ئامانجی یەکێتی گەڕانەوەی متمانەیە بۆ خەڵک و هەر کەسێک کە بەرپرسیارێتییەکی پێ دەدرێت تەنها بۆ خزمەتکردنی خەڵکە.
وتیشی لەمەودوا یەکێتی لەسەر بنەمای پاداشت و سزا کار دەکات و هەر بەرپرسێکی یەکێتی نەتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدابێت بێ هیچ دوودڵییەک سزا دەدرێت و گۆڕانکاری لە پۆستەکاندا دەکرێت