قوباد تاڵەبانی: گۆڕانکاریی لە پۆستی بەڕێوەبەرەکانی ئیدارەی راپەڕیندا دەکرێت
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ حکومەتی خۆجێیی ئیدارەی راپەڕیندا کۆبوونەوە و قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەی بۆ بەڕێوەبەرەکانی سنوورەکە کراوە، گۆڕانکاری لە پۆستەکانیاندا دەکرێت.
قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە کۆبوونەوەی لەگەڵ تیمی یەکێتی لە حکومەتی خۆجێیی ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، "خزمەتکردنی هاوڵاتییانی ئیدارەی راپەڕین ئامانجی سەرەکی ئێمەیە و ئاستی رەزامەندیی هاوڵاتییانیش پێوەری سەرەکییە بۆ بەردەوامبوونی هەر بەرپرسێک لە پۆستەکەیدا".
ئاماژەی بەوەشكرد، لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا سەبارەت بە ئەدای بەرپرسانی حکومی لە ئیدارەی راپەڕین گفتوگۆی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی دەڤەرەکە کردووە و هەڵسەنگاندنی ورد کراوە بۆ ئاستی رەزامەندیی هاوڵاتییان لە ئەدای بەرپرسەکان و دەرکەوتووە دانیشتووانی دەڤەرەکە لە ئەدای هەندێک لە بەرپرسان رازی نین.
وتیشی، لەمەودوا سیستمی پاداشت و سزا جێبەجێ دەکرێت و هەر بەرپرسێک لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا نەبێت بەبێ هیچ دوودڵییەک سزا دەدرێت و گۆڕانکاری لە پۆستەکەیدا دەکرێت.
هاوکات، سوپاسی ئەو بەرپرسانەشی کرد کە لەماوەی رابردوودا ئەرکەکانی خۆیان بە باشی راپەڕاندووە و جێی متمانەی هاوڵاتییان بوون، داوایکرد، زیاتر خۆیان ماندوو بکەن و چی پێویست بوو لە خزمەتکردنی هاوڵاتییان درێخی نەکەن.
بەپێی راگەیانراوی دوای کۆبوونەوەکە، باس لە دۆخی خزمەتگوزاریی لە دەڤەری راپەڕیندا کراوە و لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی وتی، بە هەموو تواناوە هەوڵ دەدەن ئەو پڕۆژانەی کە هێشتا تەواو نەکراون لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو بکرێن. ئاماژەی بەوەشکرد، پابەندن بەو بەڵێنانەی بە دانیشتووانی دەڤەرەکەیان داوە و هەوڵی تەواو دەدەن داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ بکرێن و زۆرترین پڕۆژەی وەبەرهێنان لە دەڤەرەکەدا جێبەجێ بکرێت، کارئاسانی تەواویش بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، باسیان لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرد و لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال روونی کردەوە، هەموو هەوڵی یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا دەبێت تا بتوانرێت کێشە و گرفتەکان چارەسەربکرێن و باشترین خزمەتگوزاریی پێشکەش بە هاوڵاتیان بکرێت.


