وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی وەزیری دارایی گەیشتە بەغداد و لەگەڵ وەزیری دارایی عیراق كۆدەبێتەوە، بۆ یەكلایكردنەوەی پرسی موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ و هەمواری یاسای بودجە.

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، وەفدەكەی حكومەتی هەرێم، لەلایەن ئاوات جەناب وەزیری داراییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، بۆ چارەسەركردنی گرفتی موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ و هەمواری یاسای بودجەو پشكی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٥ و لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق كۆدەبنەوە.

هەریەكە لە ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەرانی گشتی ژمێركاری و بودجە  و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی وەزارەتی دارایی ئەندامی وەفدەكەن.

نزیكەی دوو مانگە فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان موچەیان وەرنەگرتووە، لەكاتێكدا ئەمساڵ لە كۆتایی نزیك دەبێتەوە.

وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی رەوانەی بەغداد كردووە، وەزارەتی دارایی عیراقیش تا ئێستا زیاتر لە ترلیۆنێك دیناری رەوانەی هەرێم كردووە، بەڵام چارەنوسی موچەی مانگەكانی ١٠ و ١٠ و ١٢ نادیارە.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەكۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردوودا وەزارەتی دارایی راسپارد لەكاتی گەیشتنی هەر بڕە پارەیەكی دیكە دابەشكردنی موچە دەستپێبكات.