لە دوو روداوی تەقەكردندا لە فەڕەنسا پێنج كەس كوژران، كە دووانیان كۆچبەرن و بە رەچەڵەك كوردن، تەقەكەرەكە خەڵكی فەڕەنسایە و خۆی رادەستی پۆلیس كردووە.

پۆلیسی فەڕەنسا زانیاری نوێی لەبارەی روداوەكەی جەنگەڵی دانكیخی فەڕەنسا بڵاوكردەوە و رایگەیاند، گەنجێكی تەمەن ٢٢ ساڵ سەعات پێنجی ئێوارە بە كاتی فەڕەنسا خۆی رادەستی پۆلیس كردووە، دوای ئەوەی ژمارەیەك كۆچبەری كوشتووە.

گەنجە تەقەكەرەكە بە پۆلیسی راگەیاندووە، سەرەتا گەنجێكی تەمەن ٢٩ ساڵانی لە شارۆچكەی "وۆرمهاوتی" فەڕەنسا كوشتووە، دواتر چووەتە دارستانی دانكیخ و تەقەی لە كۆچبەرانی دارستانەكە كردووە و بەهۆیەوە چوار كەسی كوشتووە .

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست کوردسات نیوز کەوتوون، دوو لە كوژراوەكان كۆچبەری كوردن، دوو كوژراوی تریش پاسەوانی كۆمپانیایەكی نزیك لە روداوەكە بوون.

گەنجە تەقەكەرەكە خەڵکی فەڕەنسایە و خەڵكی شاری دانكیخە، لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا سێ دەمانچەی دیكە دۆزراوەتەوە.