زانکۆی کۆیە وەک یەکێک لە زانکۆ ژینگەپارێزەکان ناوی لە ریزبەندیی "گرین مێتریک"دا تۆمارکرا
١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
دوای دەستپێشخەرییەکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، زانکۆی کۆیە وەک یەکەمین زانکۆی حکومی لە هەرێم، ناوی دەچێتە ریزبەندیی "Green Metric" بۆ زانکۆی سەوز و ژینگەپارێز.
پێگەی "گرین مێتریک"ـی ئیندۆنیزی، ریزبەندیی ئەمساڵی بۆ زانکۆ سەوز و ژینگەپارێزەکان لە جیهاندا بڵاوکردەوە و زانکۆی کۆیە وەک یەکەمین زانکۆی حکومی لە هەرێمی کوردستان ناوی لە ریزبەندییەکەدا تۆمارکراوە.
زانکۆی کۆیە لە هەژماری رەسمی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، تۆمارکردنی ناوی زانکۆی کۆیە لە ریزبەندیی "Green Metric" هەنگاوێکی گرنگ و دەستکەوتێکی بەنرخە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە زانکۆی کۆیە تەنیا لە ماوەی حەوت مانگدا و دوابەدوای راگەیاندنی دەستپێشخەریی "زانکۆی سەوز" لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤دا، لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، راستەوخۆ زانکۆکە ناوی چووە ئەم ریزبەندییەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، یەکێک لە حەوت کۆڵەکەی سەرەکیی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە، "زانکۆی سەوز"ە، کە دەخوازێت روانگەیەکی ژینگەدۆستانە و ژینگەپارێزانە بکاتە روانگەی باوی زانکۆی کۆیە، تاکوو ئەم زانکۆیە لە چارەسەری پرس و بابەتێکی گرنگی وەک پرسی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانکارییە هەرێمییەکان و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ژینگە بەشدارییەکی کارای هەبێت.
ریزبەندیی "Green Metric" لە ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن زانکۆی ئیندۆنیزیاوە دانراوە و ئامانج لێی پۆلێنکردنی زانکۆکانی جیهانە پەیوەست بە چالاکی و پابەندییەکانیان بە پرسی ژینگەوە.