ئاگربەستی هەسەدە و گروپە چەكدارەكان نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە بەهۆی داواكاری توركیاوە بۆ دروستكردنی بنكەیەكی سەربازی لە كۆبانێ، ئەگەری ئەوەش هەیە هێرشێكی بەرفراوان بكرێتەسەر كۆبانی.

بەپێی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان، گفتوگۆ بۆ گواستنەوەی مەزاری سوڵتان سلێمان شا لە رۆژئاوای كۆبانێ كراوە لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئاگربەستدا كە رۆژی ٥ شەممەی رابردوو بەنێوەندگیریی هاوپەیمانانه راگەیەنرا، بەڵام توركیا بە پاساوی پاراستنی مەزارەكە داودەكات لە سنووری یەك كیلۆمەتری رۆژئاوای كۆبانێ بنكەیەكی سەربازی دروستبكات، بەو هۆیەشەوە رێككەوتنی ئاگربەست نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، توركیا و گروپە چەكدارەكان دەستیانكردووە بە كۆكردنەوەی هێزەكانیان لەسەر سنووری كۆبانێ و ئەگەر هەیە هێرشێكی بەرفراوان بكەنە سەر كۆبانێ.

پێشتر مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاندبوو، لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئاگربەست، ئامادەن هەرچی پێویست بێت بیكەن بۆ گواستنەوەی مەزاری سوڵتان سلێمان لە كۆبانێ.