وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستانە و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە لە كۆبوونەوەدایە.

 بۆریس پیستۆریۆس وەزیری بەرگری ئەڵمانیا و وەفدێكی یاوەری بەسەردانێكی دوو رۆژە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن لەدوای سەردانەی بۆ عەمان و بەغداد، لەئێستادا لە هەرێمی كوردستانەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە كۆبوونەوەدایە.

بڕیارە لەدوای كۆبوونەوەكەی وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، هێزەكانی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان بەسەربكاتەوە.

هاوكات، رۆژی چوارشەممە، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا  لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبووەوە و باسیان لە دواپێشهاتەكانی سوریا و ناوچەكە كرد، جەختیانكردەوە لەسەر پاراستنی یەكپارچەی خاكی سوریا.

هێزەكانی ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە كە ژمارەیان زیاتر لە ٦٠٠ سەربازە لە هەرێم و عێراقن و بڕیاریشە وەكو ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش تا ساڵی ٢٠٢٦ بمێنەوە، هێزەكانی ئەڵمانیا مەشق و را‌هێنان بە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەكەن و رۆڵی گەورەیان هەیە لە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە.