تەرمی ئەو دایك و منداڵەی لە یۆنان خنكان دەگەڕێنرێنەوە هەرێم
١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
لەسەر ئەركی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، تەرمی ئەو دایك و منداڵەی كە لە یۆنان خنكانبوون، دەگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
ئاری جەلال سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەر ئەركی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، بەرەبەیانی رۆژی شەممەی داهاتوو، تەرمی نایلە مستەفا و نور كاوێزی كچی، كە لە باكووری دورگەی سامۆسی یۆنان گیانیانلەدەستدابوو، دەگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
وتیشی، لە باڵیۆزخانەی عیراق لە یۆنان سەرجەم رێكارە یاساییەكان تەواو كراون و تەرمەكان لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە دەگەڕێنرێنەوە هەرێم و لە شارۆچكەی سەروچاوەی سەر بە ئیدارەی راپەڕین بە خاكدەسپێردرێن.
رۆژی ٢٨ـی مانگی رابردوو، نایلە مستەفا و نور كاوێز، دایك و منداڵێكی تەمەن ١٠ مانگ، بەمەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا بە خێزانی كۆچیان كردبوو، بەڵام بەهۆی نقومبوونی بەلەمەكەیان لە دەریای ئیجە لە باكووری دورگەی سامۆسی یۆنان گیانیانلەدەستدا.