مەزڵوم كۆبانێ: بەنێوەندگیری ئەمریكا لە مەنبەج ئاگربەست راگەیەندراوە
١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە رایگەیاند، بە نێوەندگیری ئەمریكا لە مەنبەج ئاگربەست راگەیەندراوە و شەڕڤانان لە شارەكە دەبەنە دەرەوە، دەشڵێت، ئامادەن بۆ كاركردن لەگەڵ حكومەتی داهاتووی دیمەشق.
مەزڵوم كۆبانێ لە پلاتفۆڕمی ئێكس بڵاویكردەوە، لەكاتێكدا هێزەكانیان لە مەنبەج بەردەوامن لە بەرگریكردن بۆ وەستاندنی هێرشی گروپە چەكدارەكان لە خۆرئاوای فوڕات، بەڵام بەنێوەندیگیری ئەمریكا گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە مەنبەج لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیانی مەدەنی.
وتیشی، بەزووترین كات هێزەكانی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج لە شارەكە دەكشێننەوە، چونكە ئامانجی ئەوان وەستاندنی شەڕ و پێكدادانەكانە لە تەواوەتی خاكی سوریادا.
هاوكات، مەزڵۆم كۆبانی ئاماژەی بەوەشكردووە، ئامادەن بۆ ئەوەی پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ حكومەتی داهاتووی دیمەشق هەبێت، وتیشی، لەڕێی ئەمریكییەكانەوە پەیوەندی بە توركیا و دەستەی تەحریر شامەوە دەكەن بە ئامانجی كەمكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە.
هەوەرها ئەوەشی خستەڕوو، هیچ پەیوەندیان لەگەڵ ڕژێمی پێشووی سوریادا نەبووە و هێزەكانیان زۆرترین ململانێیان لەگەڵ ڕژێمی پێشوودا هەبووە.