ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پرسی موچەی موچەخۆران تاوتوێدەكات
١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوە و تاوتوێی پرسی موچەی موچەخۆران و هەمواركردنەوەی یاسای بودجە و دوایین پێشهاتەكانی سوریا دەكات.
بەپێی كارنامەی كۆبونەوەكە، ئەنجومەنی وەزیران دواپێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە بابەتی موچە و هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ و خشتەكانی هاوپێچی یاساكە بۆ ساڵی دارایی 2025 تاوتوێدەكات، هەروەها گفتوگۆ دەكرێت لەبارەی رووداو و پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سوریا .
هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، پێشنیازی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی گشتی راژە بۆ هاوتاكردنی ناونیشانە وەزیفیەكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەلایەن وەزیری دارایی دەخرێتەروو، هەروەها وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكانی راپۆرتێك لە بارەی كاروباری وەزارەتەكەی دەخاتەروو.