ئەمڕۆ لە دوو ناوچەی هەرێمی کوردستان 6 کەس بەهۆی مەلەکردن لە پۆند و روبارەکان خنکاون و بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەرێمیش ئاماری روداوەکانی خنکانی لەمساڵدا بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی ئاکرێ، تیمەکانیان کاتژمێر 7ی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ئاگادارکراونەتەوە لە بوونی چوار تەرم لە رووباری خازر لە سنووری گوندی قایماوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، ئەو چوار گەنجە دووانیان برای یەکترن و دووانەکەی دیکە ئامۆزان، دانیشتووی گوندی "بەردەڕەش بچووک"ی سەر بە قەزای بەردەڕەشن.
ناوی گەنجە خنکاوەکان بریتین لە:
ئوسامە محەمەد عەزیز، لەدایکبووی ساڵی 2003
مەحمود جەمال عەبدولواحید، لەدایکبووی ساڵی 2004
بیلال کەمال مستەفا، لەدایکبووی ساڵی 2007
محەمەد کەمال مستەفا، لەدایکبووی ساڵی 2008.
پەیامنێری کردستان نیوز لە پاریزگای هەڵەبجە رایگەیاند، دوو گەنج لە گوندی پریسی خواروو خنکاون، بەپێی زانیاریەکانی کوردسات نیوز یەکێک لە گەنجەکان بەهۆی خلیسکانەوە دەکەوێتە پۆندەکە پاشان یەکێک لە هاوڕێکانی هەوڵدەدات رزگاری بکات بەڵام هەردووکیان لە ئەنجامدا دەخنکێن.
پەیامنێری کوردستان نیوز راشیگەیاند، تەرمی یەکێک لە گەنجە خنکاوەکان دۆزراوەتەوە بەڵام تا ئێستا تەرمی ئەوی دیکە نەدۆزراوەتەو تیمی غەواسی قەزای دەربەندیخان سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجە.
بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەرێم بڵاویکردەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاکو ئیستا 43 کەس لە دەریاچە و روبارەکانی هەرێمی کوردستان خنکاون کە زۆربەیان تەمەنیان لە 25 ساڵ کەمترە.
بەرگری شارستانی هەرێم داوا لە هاووڵاتیان دەکات دوربکەونەوە لە مەلەکردن بەهۆی نەشیاوی سروشتی ئاوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مەلەکردن.
.