دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: هیوادارین دۆزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان پەراوێز نەخرێت
١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێم کۆبووەوە و باسیان لە رووداوەکانی ئەم دواییانەی سوریا و رۆڵی کورد کرد لە ناوچەکەدا.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ ئێرمان تۆپچۆ، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی سوریا و رۆژئاوای کوردستان، قۆناغی دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و لێکەوتە ناوخۆیی و هەرێمییەکان کرد.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا دەرباز کۆسرەت رەسوڵ هیوای خواست دەسەڵاتی نوێ لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و رەنگدانەوەی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بێت، سەقامگیری و ئاسایش بەرقەرار بێت و دۆزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان پەراوێز نەخرێت، بەتایبەت کە لە شەڕی داعشدا رۆڵێکی بەرچاویان بینووە لە ڕووبەرووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا.
لەلایەکی دیکەوە، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر، باسیان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتێکی کارا کرد، کە تێیدا خزمەتگوزاری و دادپەروەری، پرسی موچە لە پێشینەی کارەکانی بێت.