ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم زانیاری ئاشکرا دەکات
١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، بە هەوڵی هەموو نوێنەرانی كورد لە بەغداد، كورتهێنانی موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی هەرێم چارەسەركراوە.
د.نەرمین مەعروف بە كوردسات نیوزی راگەیاند، پركردنەوەی كورتهێنانی موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ و ١٢ بە هەوڵی هەموو نوێنەرانی كورد و فراكسیۆنە كوردستانییەكان بووە نەك تەنها كەس و لایەنێك.
وتیشی لە ماوەی رابردوودا كە لەگەڵ خالید شوانی و كاروان یاروەیس سەردانی سودانیان كرد بۆ چارەسەری پرسی موچە، بە نوسراوێك كە ئیمزای سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانی لەسەر بوو، داوای تەوتینی موچەیان كردووە و داواشیان كردووە كە بەشێوەی زیادكردنی پشك یان بەشێوەی گواستنەوەی پارە گرفتی موچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەربكرێت.
د. نەرمین مەعروف باسی لەوەشكرد، گرفتی سەرەكی موچەی ئەم سێ مانگە ئەوەبوو كە بەشێك بوو لە خەرجی راستەقینە، هەربۆیە بۆ ساڵی ئایندە و بۆ هەمواری یاسای بودجە لە ساڵی ٢٠٢٥ ، دەبێت موچەی فەرمانبەران لەو خەرجییە دەربهێندرێت و هەمواری یاسای بودجەش كە تایبەتە بە هەناردەی نەوتی هەرێم، سەنگی كورد لە بەغداد زیاتر دەكات، چونكە كە دەست بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەكرێتەوە، ئەوكاتە هەرێم باشتر دەتوانێت پشكی خۆی وەربگرێت.