وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، كێشەی گواستنەوەی پارەیان بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچە چارەسەركردووە كە بڕەكەی ٤٣٠ ملیار دینارە و سبەینێ رێكارەكانی ناردنی دەستپێدەكات.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، دوای سەردانی تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی بۆ بەغداد و بردنی لیستی موچەی مانگی ١٢ بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سەركەوتوانە توانیان كێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانكراوەكانی پشكی هەرێم بۆ زیادكردنی بڕی تەرخانكراو بۆ موچە چارەسەر بكەن.

راشیگەیاند، رۆژی دووشەممە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە فرمانی گواستنەوەی پارەكە دەرچووە، تیمەكەشیان بە بەردەوامی لەسەر هێڵە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە و گەیشتنی پارەكە بە چارەسەركردن و پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی بۆ موچەی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دروستكراوە.

پێشتریش سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە بەغداد ٤٣٠ ملیار دینار لە بابی ژمارە نۆی تایبەت بە پارەی تەرخانكراوە بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی بۆ بابی ژمارە یەک، گواستنەوەی پێكراوە لە پشكی بودجەی هەرێم بۆ ئەوەی ئەو كورتهێنانەی پێ پڕبكرێتەوە كە لە دابەشكردنی موچە دروستبووە، سبەینێش دەست بە ڕێكارەكانی گواستنەوەی ئەو پڕە پارەیە دەكرێت.