وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی دابەشكردنی موچە وەڵامی رێباز حەملان دەداتەوە
٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی رێباز حەملان دەداتەوە و دەڵێت، بە ناوی ئەوانەوە قسە مەكە و ئەوان تاكە لایەنی رەسمین بۆ مامەڵەكردن لەسەر كات و شێوازی دابەشكردنی موچە.
وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەبارەت بە ڕاگەیەنراوی رێباز حەملان بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق هەرچەندە لەو ئەركەیدا نوێیە، بەبیریان دێننەوە كە ئەو بەشێكە لە وەزارەتی دارایی عێراق و پێویستبوو لە وەزارەتەكەی خۆی هەوڵی چارەسەری ئەو كێشانە بدات كە بۆ موچە دروستكراوە، ئەو بابەتانەی باسی كردوون لە بنەڕەتدا كێشەی دەستكردن و سیاسین، پێویستە ئەو سەرقاڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانە بێت لە وەزارەتەكەی خۆی نەك لە وەكیلی ئەوانەوە قسە بكات.
دەشڵێت، هەموو ئەو بابەتانەی رێباز حەملان باسیكردوون ئاگایان لێی نییە، بەهیچ جۆرێك ڕێگەپێدراو نییە بەناوی ئەوانەوە قسەبكرێت كە ئەوان كەسیان نەكردووە بە وەكیل، ئەو نوێنەرایەتی عێراق دەكات نەك هەرێم، بۆیە هیوادارە دەسەڵاتی خۆی بزانێت، نەك بێت لەبری وەزارەتیان قسە بكات، لەمكاتەدا چاوەڕێیان دەكرد وەزارەتەكەی كۆی تەمویلی موچەی دوو مانگی بناردایە نەك بێت هەواڵی موچە بڵاوبكاتەوە كە ئەركی ئەو نییە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر زانیاریەكی تایبەت بە موچە تایبەتمەندی وەزارەتیانە و هەر زانیاری و داتا و هەواڵێكی موچە لە پێگەی رەسمی بڵاونەبێتەوە جێی متمانە نییە و ڕەتكراوەیە، ئەوان بەرپرس و تاكە لایەنی رەسمین بۆ مامەڵەكردن لەسەر كات و شێوازی دابەشكردنی موچە.
رۆژی دووشەممە، رێباز حەملان رایگەیاند، دوای گفتوگۆیەكی زۆر لەنێوان بەغداد و هەولێر و پێداچوونەوە بە بودجەی تەرخانكراوی هەرێم، موچەی مانگی ١٠ خەرجكرا و كۆتایی ئەم هەفتەیەش موچەی مانگی ١١ خەرجدەكرێت و بەزووترین كاتیش دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ و ١٢ دەكرێت.