وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم رایگەیاند، ئاماژەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ساڵی نوێدا لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە زۆرن و لە ئێستادا لە قۆناغی هەمواركردنەوەی  یاسای بودجەدایە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ ئابووریی عیراق و هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری هەیە و بەشێكی زۆری كورتهێنانی بودجە چارەسەر دەكات.

وەزیری سامانە سروشتییەكان هەروەها سوپاسی پاڵپشتی و هەوڵەكانی حكومەتی فەرەنسای كرد، بۆ خێرا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

مانگی رابردوو حكومەتی عیراق هەمواری یاسای بودجەی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرد بەمەبەستی پەسەندكردنی، كە ماددەیەكی تایبەتە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە.