لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی شەڕ ڕوویدا
٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەهۆی دروستبوونی شەڕەوە لە كەمپی كۆلێژە تەكنیكییەكان، ژمارەیەك خوێندكار و هاوڵاتیی بریندار بوون، كە برینی هەندێكیان سەختە.
لە كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، شەڕ لە نێوان ژمارەیەك خوێندكار و هاوڵاتیی روویداو بەهۆیەوە چەند كەسێك برینداربوون.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردسات نیوز، شەڕەكە لەناو حەوشەی كەمپی كۆلێجە تەكنییەكانی چوارچرا لەنێوان دوو خوێندكاری بەشی ژمێریاری روویداوەو یەكێك لەو خوێندكارانە كە دانیشتووی شاری سلێمانییە، برا و خزمەكانی لە شەڕەكە ئاگاداركردووەتەوە.
بە وتەی شایەتحاڵەكانیش كە قسەیان بۆ كوردسات نیوز كرد، دواتر دەمەقاڵێ و شەڕ لەنێوان هەردوولا ڕوویداو ئەوانەی لە دەرەوەی زانكۆ بۆ بەشداری لە شەڕەكە هاتبوون چەكوش و چەقۆیان پێ بووە، لەگەڵ ژمارەیەك خوێندكاری بەشەناوخۆیی شەڕیان كردووە.
راشیانگەیاند، یەكێك لەو خوێندكارانەی بەشە ناوخۆیی، چەكوش بەر سەری كەوتووە و بەهۆیەوە بە سەختی برینداربووە و بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانە كراوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردسات نیوز، لەو شەڕەدا، چوار كەس بریندار بوون كە برینی دوانیان سەختە.