ئاسایشی هەولێر رایدەگەیەنێت، دەرمانخانەیەکیان داخستووە و دوو کەسیشیان دەستگیرکردووە کە هەڵساون بە بازرگانیکردن بە دەرمانی هۆشبەر و فرۆشتن و پێدانی بە کەسانی ئالودەی ماددەی هۆشبەر.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەنراوێدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمەکانیانەوە بەهەماهەنگی لەگەل لێژنەی کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەرمانخانەیەکیان داخست و دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کە هەڵساون بە بازرگانیکردن بە دەرمانی هۆشبەر و کارتێکەرە هۆشییەکان و بەبێ پسوڵەی پزیشک و دوور لە رێنمایە پزیشکییەکان و فرۆشتن و پێدانی بە کەسانی ئالودەی ماددەی هۆشبەر.

راشیگەیاند، لە کاتی پشکنین بۆ دەرمانخانەکە دەرکەوت، ژمارەیەکی زۆر دەرمانی قاچاخ و رێگە پێنەدراوی تەندروستی لە دەرمانخانەکە هەیە و دەستیبەسەردا گیراوە و پاشان رێوشوێنی یاسایی دژی دەگیرێتەبەر.