بەتەقەی راستەوخۆی توركیا لە سنوری ئامێدی هاووڵاتییەك گیانیلەدەستدا
٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی سوپای توركیا، لە سنوری قەزای ئامێدی هاووڵاتییەكی مەدەنی تەمەن ٤٥ ساڵ گیانیلەدەستدا.
كامەران عوسمان لێپرسراوی دیسكی مافی مرۆڤی رێكخراوی"سی پی تی" ئەمریكی بە كوردسات نیوزی رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی تەقەی هێزەكانی سوپای توركیاوە هاووڵاتیەكی مەدەنی لە نزیك هروورێ لە چیای بەرواری باڵا گیانیلەدەستداوە.
وتیشی، هاوڵاتییەكە ناوی"سەباح عەبدولستارە"و خەڵكی گوندی قومریە و تەمەنی ٤٥ ساڵە، لەگەڵ دوو كەسی دیكە چوونەتە هرورێ كە بارەگای سوپای توركیای لێیە و راستەوخۆ تەقەیان لێكراوە.
بەپێی ئامارێكی رێكخراوی "سی پی تی" ئەمریكیش، لە ماوەی ئەمساڵدا ١٨ كەس بەهۆی هێرش و بۆردوومانەكانی سوپای توركیاوە لە هەرێمی كوردستان گیانیانلەدەستداوە و چوار كەسیش برینداربوون.