بەغداد موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی هەزاران كوردی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی راگرتووە
لاوان
٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
حكومەتی عیراق موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی هەزاران كوردی دانیشتووی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی راگرتووە بە پاساوی ئەوەی ئەو موچەخۆرانە شەش مانگ لەسەریەك موچەكانیان لە هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، حكومەتی عیراق موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی هەزاران كوردی دانیشتووی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی راگرتووە.
ئەوەشی خستەڕوو، پاساوی حكومەتی عیراق بۆ راگرتنی موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی ئەو كوردانە ئەوەیە، شەش مانگ لەسەریەك موچەكانیان لەڕێی هەژماری بانكییەوە لە نوسینگەكانی دراو لە هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، حكومەتی عیراقیش بە پشتبەستن بە شوێنی وەرگرتنی موچەكانیان، ئەو موچەخۆرانی بە دانیشتووی هەرێم هەژماركردووە و موچەكانیانی بڕیووە، لەبەرئەوەی موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێكی كوردسات نیوز، ئەو كەسانەی موچەی چاودێرییان لەلایەن حكومەتی عیراق راگیراوە دەیانەوێت موچەكانیان بەردەوامی هەبێت، دەبێت سەردانی یەكەیەكی چاودێری كۆمەڵایەتی بكەن و ئەستۆپاكی بدەن كە خاوەنی خانوو و ئۆتۆمبێل و موچەی دیكە نین و داواش بكەن پێداچوونەوە بەو بڕیارە بكرێت، تاكو بەغداد دابەشكردنی موچەكانیان دەستپێبكاتەوە.