ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگی بە ماددەكانی سێ پڕۆژەیاسا مشتومڕاوییەكەی تایبەت بە كورد و سوننە و شیعە دا، سبەینێش بە یەك پاكێج دەنگ بەكۆی هەر سێ پڕۆژەیاساكە دەدات.


دوای مشتومڕو دواخستنی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بۆ ماوەی چەند خولەكێك، دواجار ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی ١٩٣ ئەندام كۆبوەوە و دەنگیدا بە ماددەكانی پڕۆژەیاسای گێڕانەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان و لێبوردنی گشتی و هەمواری یاسای باری كەسێتی.


پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، كورد و عەرەب و سوننە ترسیان هەبووە لە رەتكردنەوەی هەر یەكێك لەو پرۆژەیاسایانە، هەربۆیە كۆبوونەوەكە بۆ سبەینێ دواخرا و بڕیاردراوە لە دانیشتنی سبەینێدا كۆی سێ پرۆژەیاساكە بە یەك پاكێج دەنگیان لەسەر بدرێت و تێپەڕێنرێن.


پرۆژە یاسای گێڕانەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان تایبەتە بە ناوچەكانی سنوری مادەی ١٤٠ و زەویوزاری ناوچەكانی خانەقین و مەندەلی.


بەپێی ئەم پرۆژەیاسایە، نزیكەی ٤٠٠ هەزار دۆنم زەوی لەسنوری پارێزگای كەركوك بۆ خاوەنە رەسەنەكانی دەگەڕێتەوە، بەڵام هەوڵی لایەنە كوردییەكان بۆ ئەوەیە لەرێی زیادكردنی ماددەی دیكەوە زەویوزارە داگیركراوەكان لە تەواوی ناوچە كێشەلەسەرەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەكانیان، كە بە نزیكەی یەك ملیۆن و ٢٢٨ هەزار دۆنم دەخەمڵێندرێت.