لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتای راگەیاند
٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی، هەڵمەتی دەستبەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و نایاسایی لە سنووری پارێزگاكە راگەیاند و دەڵێت، لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەكدا ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا ناهێندرێتە ناو شاری سلێمانییەوە.
لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەهۆی زۆربوونی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و جام رەش و هەڵگری تابلۆی ساختە بەشێوەیەكی نایاسایی و هاوكات لێكەوتەكانی لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی كوردستان بەدیاریكراوی سلێمانی، بڕیاردراوە بە دەستبەسەرداگرتنی و گرتنەبەری رێككاری یاسایی بەرامبەر هەر ئۆتۆمبێلێكی بێسەرەتا و جام رەش و هەڵگری تابلۆی ساختە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرجەم بازگەكان دەستكراوەكراون بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و نایاسایی و رێگەش نادەن، لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەكدا ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا بێتە ناو شاری سلێمانییەوە.
لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی راشیگەیاندووە، خاوەنی ئۆتۆمبێلە نایاساییەكان دەتوانن ئۆتۆمبێلەكانیان ببەنە دەرەوەی هەرێم، دەشڵێت، هیچ رێگەپێدان و نوسراوێك جگە لە بەڵگەنامەی رەسمی و یاسایی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆوە كاری پێناكرێت.