ژن و مێردێكی پەنابەری سیاسی كورد كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانن نزیكەی هەشت مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستبەسەركراون و لە دۆخێكی خراپدان و مەترسی دیپۆرتكردنەوەیان بۆ ئێران لەسەرە.


ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، رەشاد محەمەدیی چالاكوانی سیاسی خەڵكی كامیاران كە تەمەنی ٣٤ ساڵە لەگەڵ ئەژین حوسێنیی هاوسەری خەڵكی سەوڵاوا كە تەمەنی ٣٠ ساڵە لە كەمپێكی شاری ئەدرێنای توركیا لە دۆخێكی سەختدا راگیراون.


ئاماژەی بەوەشكردووە، پۆلیسی توركیا لە سەرەتای ئەمساڵدا و تەنیا چەند ڕۆژێك دوای گواستنەوەی ئەو دوو پەنابەرە كوردە بۆ كەمپی دیپۆرتكردنەوە، ناچاریانكردوون پەنجەمۆر و ئیمزاكانیان تۆماربكەن و ئەگەری دیپۆرتكردنەوەیان بۆ ئێران هەیە.


بە وتەی ئەژین حوسێنی، ناوبراو لە مانگی رابردوودا تەنها جارێك هاوسەرەكەی كە بە تەنها لە ژوورێكدا ڕاگیراوە، چاوپێكەوتنی لەگەڵی بووە.