دەزگای ئاسایشی ھەرێم داوا لە ھاوڵاتیان دەکات بەشێوازێکی شارستانیانە گوزارشت لە خۆشییەکانیان بکەن
یەحیا
٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
دەزگای ئاسایشی ھەرێم داوا لە ھاوڵاتیان دەکات، بەشێوازێکی شارستانیانە گوزارشت لەخۆشییەکانیان بکەن و دووربکەونەوە لە تەقە کردن.
لە راگەیەندراوێکدا دەزگای ئاسایشی ھەرێم داواکارە لە سەرجەم ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە شار و شارۆچکەکان، دوای کۆتاییھاتنی پرۆسەی دەنگدان و ئاشکراکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و کەرنەڤاڵی لایەنە سیاسییەکان، بەشێوازێکی شارستانیانە گوزارشت لەخۆشییەکانیان بکەن.
ھەروەھا داوا لە ھاوڵاتیان دەکات نەبنە ھۆی دروستبوونی ئاستەنگی ھاتوچۆ لە شەقام و شوێنە گشتییەکان و دووربکەونەوە لە توندوتیژی و بەکارھێنانی چەک و تەقەکردن، بە پێچەوانەوە سزای یاسایی سەرپێچیکاران دەدرێت و ڕووبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.



