حکومەتی ھەرێم: ١٢ ملیۆن بەرمیل نەوتمان رادەستی بەغداد کردووە و ھیچ بڕە پارەیەکمان پێنەدراوە
کوردسات نیوز
١٥ی ئازاری ٢٠٢٤
حکومەتی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە دووی حوزەیرانی ٢٠٢٣ تاوەکو ٣٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بڕی ١٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی وەزارەتی نەوت کردووە بەبێ ئەوەی ھیچ پارەیەک بۆ تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە بدرێت و شایستەی کۆمپانیا نەوتییە بەرھەمھێنەرەکان خەرج بکرێت.
دەشڵێت، پشکی ھەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ بریتییە لە ١٦ ترلیۆن و ٤٩٧ ملیار دینار، بەڵام تەنھا ٩٩٨ ملیار دیناری نێردراوە. ھەروەھا بە پێنج بەش سێ تریلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار بەقەرز دراوەتە ھەرێم.
حکومەتی ھەرێم باسی لەوەشکردووە، داھاتەنەوتییەکان کە دەبێت بدرێنە بەغداد، تا ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣، بریتییە لە یەک ترلیۆن و ٦٩٣ ملیار دینار، لەگەڵ ٥٠٪ی داھاتی دەروازە سنوورییەکان کە بڕەکەی ٧٢٨ ملیار دینارە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، تێکڕای بڕی ماوە لە پشکی ھەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کە لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵە و تاوەکو ئێستا بۆ ھەرێم نەنێردراوە بریتییە لە نۆ ترلیۆن و ٣٧٨ ملیار دینار.
حکومەتی ھەرێم ھەروەھا جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، تاوەکو ئێستا ھیچ بڕە پارەیەکی شایستە لە خەرجییە حاکمییەکان بە تەرخانکراوی مووچەی پێشمەرگەشەوە نەدراوە بە ھەرێم.