دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی روسیا رایگەیاند، دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا (MI6) پلانی هەیە کە هاوپەیمانەکانی لە "ناتۆ" بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان دژی ئەوەی بە "کەشتیگەلی سێبەر"ی روسیا ناسراوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی روسیا، "لەندەن پلانی ئۆپەراسیۆنێکی تێکدەرانەی گەورە دادەڕێژێت بە بەکارهێنانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە گواستنەوەی نەوتی روسی هەڕەشەیە بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی."
راگەیەندراوەکە وردەکاریی زیاتری لەبارەی پلانەکەوە خستووەتەڕوو، لەوانە:
سیناریۆی یەکەم: دروستکردنی رووداوێک بۆ کەشتییەکی نەوتهەڵگری "قاچاخ" لە یەکێک لە خاڵە ستراتیژییە قەرەباڵغەکانی هێڵە دەریاییەکان، بۆ نموونە لە یەکێک لە گەرووە دەریاییەکان.
سیناریۆی دووەم: ئاگرتێبەردانی کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی بارکردندا لە بەندەری وڵاتێکی دۆستی روسیا، بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ژێرخانی بەندەرەکە و کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی.
جێبەجێکاران : لەندەن بەنیازە هێزە ئەمنییەکانی ئۆکراین رابسپێرێت بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی روسیا بە بەکارهێنانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان. راگەیەندراوەکە دەڵێت، "کەمئەزموونیی ئۆکراین لە شاردنەوەی بەڵگەکان وەک گەرەنتییەک سەیر دەکرێت بۆ ئەوەی هیچ دەرەنجامێکی یاسایی رووبەڕووی بەریتانیا نەبێتەوە."
ئامانجی سیاسی: ناچارکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزای توندی لاوەکی (secondary sanctions) بەسەر کڕیارانی سەرچاوەکانی وزەی روسیادا. هەروەها، هەڵبژاردنی کاتێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە تا کاریگەرییە میدیاییەکەی بۆ فشارخستنە سەر دۆناڵد ترەمپ بەکاربهێنرێت.
ئەم تۆمەتانە لە کاتێکدایە کە دوێنێ، زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، سزای بەسەر 5 کۆمپانیا و 94 کەسایەتیدا سەپاند کە لە چەند وڵاتێکی جیاوازن، لەنێویاندا کاپتنی چەند کەشتییەک کە گوایە پەیوەندییان بە "کەشتیگەلی سێبەر"ەوە هەیە.
پێشتریش ئۆکراین سەرنجی بۆ ئەو بابەتە راکێشابوو. لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری رابردوودا، پەرلەمانی ئۆکراینلە خوێندنەوەی یەکەمدا پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کرد بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سزا، بە مەبەستی سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەشتی و فڕۆکانەی کە تۆمەتبارن بە "گواستنەوەی نهێنی"ی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی روسیا. لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە کە "کەشتیگەلی سێبەر"ی ڕووسی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئۆکرانیا.