دانیال ھاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ھێزە تایبەتەکانیان لە ئۆپراسیۆنێکی ئاڵۆزدا توانیویانە دوو بارمتە ئازاد بکەن، کە تەمەنیان ٦٠ ساڵ و ٧٠ ساڵە و لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە رفێندرابوون.

وتیشی ماوەیەکی زۆرە ئامادەکارییان بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە کردووە و ھێشتا ١٣٤ بارمتە لە غەززە ماون. 

ئاژانسی رۆیتەرزیش لە راگەیەندراوێکی نەخۆشخانەی "شیبا"وە لە ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوو بارمتەکە رەوانە نەخۆشخانە کراون و پزیشکانیش جەختیانکردووەتەوە لەوەی لە حاڵەتێکی باشدان.

لێپرسراوێکی ئەمریکیش بە تۆڕی ئێن بی سی راگەیاند، ھێشتا بۆشایی گەورە ھەیە لە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لەنێوان حەماس و ئیسرائیل و پێویستە بەزووترین کات وردەکارییەکانی ئەو رێککەوتنە تەواو بکرێن. 

ئاماژەی بەوەشدا، پێشکەوتنی بەرچاو ھەیە لەرێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە و رەنگە لە ماوەی ھەفتەیەکدا رابگەیەندرێت.