مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، نیگەرانی خۆیان بەرامبەر ھێرشە تیرۆریستیەکەی شەوی ٣٠ی ئەم مانگە بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە ھەولێر دەردەبڕن و بە توندترین شێوەش سەرکۆنەی ھێرشی ھێزەکانی دەرەوەی یاسا و ھاوکارەکانیان دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، مافی ئەوەیان ھەیە بەرگری لەخۆیان بکەن و پێویستیشە حکومەتی عێراق ھەر ھێرشێک بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بە ھێرش بۆ سەر ھەموو عێراق ببینێت و ھەڵوێستی جیددی ھەبێت.

مەسرور بارزانی دەشڵێت، دەبێت عێراق بە کردەوە وەڵامی ھێرشەکان بداتەوە، چونکە بێ ھەڵوێستیی عێراق میلیشاکان زیاتر ھان دەدات بۆ دەستدرێژی و ئەوان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەھێنن بۆ ھێرشکردنە سەر ھەرێم 
داواشی لە محەممەد شیاع سوودانی کردووە بە کردەوە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەو ھێرشانە و سزادانی گروپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی  بۆ ھێرش بەکار دەھێنرێن.

شەوی رابردوو پەیامنێری کوردسات نیوز لە ھەولێر رایگەیاند، بە درۆن ھێرشکراوەتە سەر بارەگایەکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ھەولێر، دواتر ھێزە ئەمنییەکانی ھەولێر رایانگەیاند ھێرشەکە درۆن نەبووە و تەقینەوەی نارنجۆک بووە.

دوای چەند سەعاتێک لە رووداوەکەش گروپی مقاوەمەی ئیسلامی بەرپرسیارێتی خۆی لە ھێرشەکە راگەیاند و وتی، لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ھێرشیان کردوەتە سەر ھەولێر.