خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە ھەموو ئەو ھێزانەی داوای بەدیھێنانی سەقامگیریی دەکەن، ھەڵوێستی توند بەرامبەر ھێرشەکانی تورکیا وەربگرن، داواشی لە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکان پێکبھێنن بۆ پشتڕاستکردنەوەی ھێرشەکانی تورکیا.

خۆبەڕێوەبەری دەشڵێت، ھێرشەکانی تورکیا کاریگەری و لێکەوتەیان لەسەر بوارەکانی خزمەتگوزاریی و رەوشی مرۆیی دانیشتووان دەبێت، ھۆشداریشیدا لە کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر رەوشی ناوچەکە بە گشتی و ئاستەنگدانان بۆ ھەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرزکردنەوەی رۆحیەتی داعش.

درەنگانی شەوی رابردوو تورکیا لە ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، ھێرشێکی چڕی ئەنجامدا و دەیان ناوچە و ژێرخانی مرۆیی و ئابووریی بە تایبەت لە رۆژئاوا بۆردومان کرد.