دەم پارتی پێشنیازی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی ئامەد یان ئیستەنبوڵ دەداتە لەیلا زانا
ئایار
٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
رۆژنامەی دوڤاری تورکی بڵاویکردەوە، دەم پارتی پێشنیازێکی خستووەتە بەردەم لەیلا زانا سیاسەتمەداری دیاری تورکیا، تاکو لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئاداری ساڵی داھاتوو، کاندید بکرێت بۆ ھاوسەرۆکی شارەوانیی ئامەد یاخود سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ.
بەپێی رۆژنامە تورکییەکە، بەرپرسانی دەم پارتی چاوەڕوانی بڕیاری لەیلا زانا دەکەن، تاکو کاندید بکرێت بۆ سەرۆکی یەکێک لە شارەوانییەکانی ئامەد یاخود ئیستەنبوڵ، بۆئەوەش ھاوسەرۆکانی پارتەکە لە چەند رۆژی داھاتوودا جارێکیتر لەگەڵ لەیلا زانا کۆدەبنەوە.
ھاوکات، دەم پارتی بڕیاریانداوە تاکو ٢٥ی ئەم مانگە ماوەی داواکارییەکانی کاندیدبوون درێژ بکەنەوە، ھەروەھا لە قۆناغی یەکەمدا لە ٢٧ شاری رۆژئاوای تورکیا کاندیدیان بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەبێت.
لەیلا زانا سیاسەتمەدارێکی دیاری تورکیا و باکووری کوردستانە، ساڵی ١٩٦١ لە شاری فارقینی باکووری کوردستان لەدایکبووە، ساڵی ١٩٩١ بەھۆی قسەکردن و سوێندخواردن بە زمانی کوردی لەناو پەرلەمانی تورکیا، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ زیندانی کرا.