پێنج ساڵ بەسەر کۆچیدوایی مستەفا ساڵح کریم تێدەپەڕێت
کوردسات نیوز
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
"مستەفا ساڵح کریم"ساڵی ١٩٣٣ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، لە سەرەتای لاوی یەوە چووەتە ڕیزی حزبی شیوعی ئێراق، ساڵی ١٩٤٩ لە پۆلی چوارەمی ئامادەیی لەسەر چالاکیی سیاسی دوورخراوەتەوە، ساڵی ١٩٥٠ لە بەر ئەوەی لە ئامادەیی وەرنەگیراوەتەوە چووەتە -خانەی مامۆستایان- لە بەغداد، ساڵی ١٩٥١ لەلایەن تەحقیقاتی جینائیەوە لە بەغداد دەستگیرکراوە.
ھەروەھا لە بواری پەروەردەدا ماوەی ٣٢ساڵ مامۆستا و بەڕێوبەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بووە لە قەڵادزێ و سێوسێنان و دارۆخان و چوارتا و سلێمانی و فەللوجە و ڕومادی، جارێکی تر لە ساڵی ١٩٦٣ دەستگیرکراوە و ساڵ و نیوێک تەوقیف بووە.
لە ژیانی مامۆستایەتیدا چەندین جار تووشی دوورخستنەوە بووە، دواجاریان ساڵی ١٩٧٥ بوو نێررا بۆ ڕومادی و سێ ساڵ لەوێ مایەوە، لەسەر ھەڵوێستی بەرانبەر بەعس و قسەکردنی لە چەند کۆڕێکی ئەدەبی و پەروەردەیی ساڵی ١٩٨٤ لەوەزیفە دوورخرایەوە، لەسەر داوای ئەمن خانەنشین کراوە.
ساڵی ١٩٧٤ چووەتە ڕیزی شۆڕشی ئەیلولەوە، کراوە بە بەڕێوبەری ئێزگەی دەنگی کوردستان، لە دوای ڕاپەڕینەوە لە کوردستانی نوێ و لە الاتحاد دا کار دەکات لە ٢٠٠٠وە جێگری سەرنووسەری الاتحادە و لێپرسراوسی نووسینگەی سلێمانی بووە، لە ساڵی ٢٠٠١ لە کۆنگرە یەک لە سلێمانی و دوو کۆنگرەی ھەولێر بە جێگری نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ھەڵبژێراوە.
لە رۆژی ١٦-١٢-٢٠١٨ لە سلێمانی کۆچی دوایی کردوە