لە کەرکوک سێ بەرپرس لەسەر گەندەڵی و بەھەدەردانی سامانی گشتی دەستگیرگران
کوردسات نیوز
٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە یەکێک لە پرۆژەکانی پارێزگای کەرکوک کە نۆژەنکردنەوەی گوندێکی زیانلێکەوتووی دەستی تیرۆریستانی داعشە و پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی بەڵێندەرەوە بە نزیکەی دوو ملیار دینار جێبەجێدەکرێت، دەرکەوتووە پڕۆژەکە بە گوێرەی راپۆڕتی تاقیگەیی جێبەجێنەکراوە و راپۆڕتەکە دەستکاریکراوە، لەو نێوندەشدا سامانی گشتی بەھەدەردراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکوک بە تۆمەتی دەستکاریکردنی راپۆڕتی پرۆژەکە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ھەریەک لە بەڕێوەبەری تاقیگەی پڕۆژەکە و بەڕێوەبەری پێشووی و سەرۆکی لیژنەی سەرپەرشتیکاری پرۆژەکە دەرکردووە و ھەرسێ تۆمەتبارەکە دەستگیرکراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا تۆمەتباران بەپێی ماددەکانی ٢٨٩-٣١٥ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.



