کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پارتە سیاسیانەی بەپێی ھەردوو یاسای ژمارە ٣٦ی ساڵی ٢٠١٥ی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی عێراق و یاسای ژمارە ١٧ی ساڵی ١٩٩٣ی پارتەکانی ھەرێمی کوردستان، مۆڵەتیان وەرگرتووە، مافی بەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێم ھەیە.

راشیگەیاند، کۆی ژمارەی ئەو پارتانەی مۆڵەتی رەسمییان ھەیە، ٣٨ پارتی سیاسییە، کە ١٧ پارتیان لە ھەرێمی کوردستان تۆمار کراون.

بەپێی وادەیەک کە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بە راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دیاریکردووە، رۆژی ٢٥ی شووباتی ساڵی داھاتوو، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکات.