سەرۆک بافڵ: کەرکوک لای ئێمە هێڵی سورە
کوردسات نیوز
١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
دەقی پەیامی سەرۆک بافڵ لە رێورەسمی ناساندنی کاندیدانی ھاوپەیمانی کەرکوک ھێزو ئیرادەمانە....
ئامادەبووانی بەڕێز
سڵاوی سەرکەوتنی ھاوپەیمانیی (کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە) لە ئێوەی خۆشەویست دەکەم.
خۆشەویستان
ھاوپەیمانیی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە، ھاوپەیمانیی رەسەنی شاری کەرکووک و کەرکووکییە سەربەرزەکانە بە ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانییەوە. بەرنەماکەشمان لەپێناو قووڵکردنەوەی ئەو تەبایی، پێکەوەژیان و ئاوەدانکردنەوەی شارە خۆشەویستەکەدایە.
ئێمە ھەمیشە باوەڕی تەواومان بە ھاوبەشیی و کاری پێکەوەیی ھەبووە، ئەقڵییەتی خۆفەرزکردنمان لە بڕیار و بەڕێوەبردندا رەتکردووەتەوە و ویستوومانە ھەموومان پێکەوە خزمەتی کەرکووکی قودسی کوردستان بکەین. ئێستاش ھاوپەیمانیی کەرکووک ھێز و ئیرادەمانە، کۆتایی بەو سەردەمە دەھێنێت و چیتر بڕیار بۆ کەرکووکییەکان نادرێت، بەڵکو خۆیان بڕیاردەر دەبن، چارەنووسی خۆیان ھەڵدەبژێرن و شەڕ لەپێناو مافەکانیان دەکەن.
ئێمە مێژوویەکی درێژمان لەگەڵ خۆڕاگری و قارەمانێتیی کەرکووکییە سەربەرزەکان ھەیە، بۆیە دڵنیام ئێستاش بە ھەمان ئیرادە و رۆحییەتەوە، بەرەو سندووقەکانی دەنگدان دەچن و ژمارە ١٤٢ی ھاوپەیمانییەکەی خۆتان ھەڵدەبژێرن، وە دەیسەلمێنن ئێوەن شەڕە راستەقینەکە بۆ کەرکووک دەکەن و لە قەڵا دێرینەکەی خۆتانەوە مژدەی سەرکەوتن بەگوێی ھەموواندا دەدەن.
ئێمە کەرکووکمان لە دڵماندا ھەڵگرتووە، کەرکووک ھێڵە سوورەکەی ژیانی سیاسی و حزبیمانە، وەکچۆن لەرابردوودا خوێنمان بۆ رشت، لە داھاتووشدا ھەر خۆمان پارێزەرە دڵسۆز و راستەقینەکەی دەبین. پێکەوە لەگەڵ ئێوەی دڵسۆز رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان دەبینەوە و بەرامبەر مەترسییەکان دەوەستینەوە، تەعریب ریشەکێش دەکەین و خەونی بەدینەھاتووی دوژمنانی کەرکووک لەباردەبەین. بۆ ئەمەش پێویستە دەنگ بە ھاوپەیمانیی کەرکووک ھێز و ئیرادەمانە بدەن و قەڵغانێکی پتەوبن بۆ پاراستنی ئەو ئاشتی و پێکەوەژیانەی سەرۆک مام جەلال بناغەدانەری بوو و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین.
بەڵێ بۆ سەرکەوتن و دەنگدان بە ھاوپەیمانیی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە
بەڵێ بۆ ئاشتی و ئاوەدانی
سەربەرزی و سەرفرازیش بۆ ئێوەی خۆشەویست
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان