وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رونکردنەوەیەکی لەبارەی راکێشانی بۆرییەکی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، تا ئێستا بڕی غازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان دابین نەکراوە، لەھەمانکاتدا بەپێی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز بەھیچ شێوەیەک کۆمپانیاکە بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی حکومەتی ھەرێم غاز لە کێڵگەکانی ھەرێمەوە بۆ ھیچ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەکاندا باس کراوە، لە ساڵانی ھەشتاکانەوە ھەبووە و کۆمپانیای دانا غاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی کوندینسیت بەکاریھێناوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت، رۆژی دووی تشرینی یەکەم بە رەسمی بە کۆمپانیای داناغازیان راگەیاندووە، کە نابێت بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گازی کێڵگەکانی ھەرێم بۆ ھێچ شوێنێک چ لەناوخۆ یان دەرەوە بگوازێتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، وەزارەتی نەوتی عێراق پێشتر راکێشانی بۆری گواستنەوەی غازی سروشتی لە کێڵگەی غازیی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی کارەبای کەرکوک راگەیاند.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردبوو، درێژیی بۆرییەکە ھەزار و ٥٠ مەترەو رۆژانە بڕی ١٠٠ پێ سێجا غاز بۆ وێستگەی کارەبای کەرکوک دەگوازێتەوە.